پۆلین کانا، کە لە جیهانی دیجیتاڵیدا بە ( Gangster Grannyداپیرە چەتە) ناسراوە، لە یادی 100 ساڵەی تەمەنیدا سەرنجی ملیۆنان بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ خۆی ڕاکێشا.
ناوبراو لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی چەندین ڤیدیۆوە کە تێیدا ئاڵنگاری و ترێندەکانی نەوەی نوێ (Gen Z) تاقیدەکاتەوە، وێنە کلاسیکییەکانی تەمەنی پیری تێپەڕاند و سەلماندی کە تەمەن تەنها ژمارەیە.
ئەم داپیرە کارتێکەرە تەنها بە ڤیدیۆ کۆمیدییەکان نەوەستاوە، بەڵکو بەشداری لە چەندین چالاکیی جەنجاڵدا کردووە لەوانە ئامادەبوونی لە نمایشی یەکەمی فیلمی نوێی "Spider-Man" و تاقیکردنەوەی "خلیسکانە سەر دەستی جەماوەر لە کاتی کۆنسێرتێکی میوزیکیدا لە ویلایەتی تێکساس. بەم سەرکێشییەش، ناوی خۆی لە کتێبی ریکۆردە جیهانییەکانی گینسدا وەک بەتەمەنترین کەس کە ئەو ئەزموونەی کردبێت، تۆمار کرد.
پۆلین لە 1ـی ئابی ساڵی 1926 لە ئۆهایۆ لەدایکبووە و ئێستا لەگەڵ نەوەکەی "ڕۆس سمیت" (33 ساڵ) لە کۆڵۆمبوس دەژی. ڕۆس ئەرکی وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانی لە ئەستۆ گرتووە، کە ئێستا لەلایەن دەیان ملیۆن کەسەوە لە سەرانسەری جیهان بینەریان هەیە.
سەرسوڕهێنەرترین لایەنی ژیانی پۆلین ئەوەیە کە سەرەڕای تێپەڕاندنی سەدەیەک لە تەمەن، بەتەواوی پشت بە خۆی دەبەستێت و بە سەربەخۆیی لە ماڵەکەیدا هاتوچۆ دەکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە تەمەنی 96 ساڵیدا توانی بەسەر نەخۆشی شێرپەنجەی کۆڵۆندا سەربکەوێت و بە سەرکەوتوویی چارەسەر وەربگرێت.
ڕۆس سمیت، نەوەکەی پۆلین، بە شانازییەوە دەربارەی داپیرەی دەڵێت: هەرگیز درەنگ نییە بۆ ئەوەی ژیانت بەوپەڕی چێژەوە بژیت، داپیرەم باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم ڕاستییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.