یانەی ئیتیحادی سعوودی لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ محەمەد سەڵاح نزیک بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە یانەی بێشیکتاشی تورکی شکستی ھێنا لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانەکەی.
ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەمووز، ڕۆژنامەی سەباح (SABAH)ـی تورکی ئاشکرای کرد کە محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری ڕەزامەندیی دەربڕیوە کە پەیوەندیی بە یانەی ئیتیحاد بکات بە مووچەیەکی زەبەلاح.
بەپێی ڕۆژنامەکە، یانەی ئیتیحاد مووچەیەکی ساڵانەی بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار پێشکەشی سەڵاح کردووە، کە ئەم بڕە زۆر زیاترە لەوەی بێشیکتاش پێشنیاری کردبوو. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەستێرەکەی پێشووی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەو پێشنیارە ڕازی بووە و بەم زووانە گرێبەستەکە واژۆ دەکات.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، یانە سعوودییەکە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە دوای سەرنەکەوتنی دانوستانەکانی یاریزانەکە لەگەڵ یانەی بێشیکتاش، دەستی بە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەستێرە میسرییەکە کردووە.
محەمەد سەڵاح لە کۆتایی وەرزی ڕابردوودا و دوای 9 ساڵ یاریکردن لە یاریگای ئانفێڵد، بە فەرمیی ڕیزەکانی یانەی لیڤەرپوولی جێهێشت. لەو کاتەوە ناوی بە چەندین یانەی خولی ڕۆشنی سعوودییەوە بەستراوەتەوە، کە دیارترینیان ئیتیحادە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.