لێژنەی ئەمن و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (29ی تەممووزی 2026) کرانە سەر چەندین بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی لە سەرانسەری وڵاتدا و ڕایگەیاند کە ئەم کارە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی لێژنەکە، هێرشە ئاسمانییەکان بارەگاکانی حەشدی شەعبیان لە 11 پارێزگای جیاوازی عێراق کردووەتە ئامانج، کە بریتین لە: بەغدا، واست، کەربەلا، نەجەف، بابل، دیوانییە، دیالە، سەڵاحەدین، نەینەوا، کەرکووک و بەسڕە. لێژنەکە پشتڕاستی کردەوە کە لە ئەنجامی ئەم بۆردومانانەدا ژمارەیەک چەكدار کوژراون و بریندار بوون، جگە لەوەی زیانێکی مادیی زۆر بەو شوێنانە گەیشتووە.
لێژنەی ئەمن و بەرگری جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقە کە لەژێر فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەم دەستدرێژییە هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیری و لێدان لە شکۆی دەوڵەت و دامەزراوەکانی.
داواکارییەکان لە حکوومەت
لێژنە پەرلەمانییەکە داوای لە حکوومەتی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کرد کە:
لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و گشتگیر بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی هێرشەکان ئەنجام بدەن.
ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق و سەروەریی خاکەکەی.
لە ڕێگەی کەناڵە یاسایی و دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکانەوە کار بکەن بۆ لێپرسینەوە لە لایەنە بەرپرسەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، لێژنەی ئەمن و بەرگری دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی ئەم دۆسیەیە تاوەکو پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و سەقامگیریی وڵات مسۆگەر دەکرێت. ئەم کاردانەوە توندەی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاندووە هێرشەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بووە، بەڵام ئەم بەیاننامەیە و بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئەو ئیدیعایە ڕەت دەکەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.