سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئێران و گروپی حوسییەکانی یەمەن کرد، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو حوسییەکان هێرشیان کردە سەر 2 کەشتیی بازرگانیی شانشینی سعوودیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تەمووز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: ساڵێک لەمەوبەر ئەمریکا هێرشێکی زۆر بەهێزی کردە سەر حوسییەکان بەهۆی دەستوەردانیان لە کاروباری بازرگانی و تەقەکردن لە کەشتییەکان، لەو کاتەوە و تەنانەت لە کاتی ململانێکان لەگەڵ ئێرانیشدا، حوسییەکان بە شێوەیەکی بەرپرسانە ڕەفتاریان کردبوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەستیان کردووەتەوە بە هێرشەکانیان.
ترەمپ ڕاشیگەیاند: ئەگەر حوسییەکان جارێکی دیکە ئەم کارە بکەنەوە، ئەوا ئەمریکا، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت، چونکە حوسییەکان بریکار و نوێنەری ئێرانن، بەو هۆیەشەوە سزایەکی سەربازیی گەورە بەسەر ئێران و حوسییەکاندا دەسەپێندرێت.
ترەمپ بێئومێدیی خۆی لە ڕەفتارە نوێیەکانی حوسییەکان دەربڕی و گوتی: ئەوان تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە و زیرەکانە مامەڵەیان کردبوو، بەڵام هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی سعوودیە ئەم هاوکێشەیەی گۆڕیوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.