Erbil 31°C پێنجشەممە 23 تەمووز 15:46

بە تۆمەتی وەرگرتنی نیو ملیۆن دۆلار پەرلەمانتار حەسەنین خەفاجی بە دوو ساڵ زیندانی سزادرا

100%

دەستەی دەسپاکی عێراق، بڕیاری سزادانی پەرلەمانتار (حەسەنین خەفاجی) بە دوو ساڵ زیندانیکردن ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی وەرگرتنی سەرانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تەمووز، بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی دەستەی دەسپاکی عێراق، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ پەرلەمانتار حەسەنین خەفاجی دەرکردووە، دوای ئەوەی سەلمێندراوە کە ناوبراو هەستاوە بە وەرگرتنی سەرانە لە هاووڵاتییەک بە ناوی (مستەفا فەعل) و داوای بڕی 500,000 دۆلاری لێکردووە.

لە وردەکارییەکانی دۆسیەکەدا هاتووە، پەرلەمانتارەکە جگە لە پارەکە، داوای کردووە ڕێژەی 40%ـی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (حەورای بەغدا) بە ناوی یەکێک لە کارمەندانی نووسینگەکەیەوە تۆمار بکرێت. لە بەرامبەر ئەمەدا، خەفاجی بەڵێنی داوە بەبێ هەبوونی دەسەڵاتی یاسایی، دەستوەردان بکات لە ڕێکارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەسپاکی بۆ داخستنی دۆسیەیەکی هەڵاوسانی دارایی و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر ماڵ و سامانی ئەو هاووڵاتییە.

هەروەها پەرلەمانتارەکە بەڵێنی داوە لە ڕێگەی دەسەڵاتەکەیەوە فشار بخاتە سەر دەستەی وەبەرهێنانی بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن کارکردن لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (جەوهەرەی بەغدا) دەستپێبکاتەوە

دادگا ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی بەپشتبەستن بە کۆمەڵێک بەڵگەی بەهێز داوە، لەوانە: دانپێدانانی تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکە بە ناوی (ئەنوەر سەباح)، ناوەڕۆکی تۆمارە دەنگییەکان، وتەی شایەتحاڵەکان و کۆپیی ئەو گرێبەستەی کە لە نێوانیاندا کراوە.

سزای زیندانیکردنی پەرلەمانتارەکە بەپێی حوکمەکانی ماددەی 452/1 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکراوە، کە تایبەتە بە تاوانەکانی ئیبتیزاز و سەرانەوەرگرتن.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.