بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیار دینار بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی نوێی شەقام و ئاوەڕۆ لە نزیک شەقامی 150 مەتری لە سنووری ناحیەی بەحرکە لە هەولێر دانرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تەمووز، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی شارەکان، بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گرنگی شەقامسازی و ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر دانرا. پڕۆژەکە دەکەوێتە نزیک شەقامی 150 مەتری لە سنووری ناحیەی بەحرکە.
گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە 4,772,995,000 دینار، کە پێکهاتە سەرەکییەکانی بریتین لە: دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتری بە درێژیی 870 مەتر، دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سندووقی کۆنکرێتی بە درێژیی 1580 مەتر، دروستکردنی شۆستە بە ڕووبەری 7200 مەتر دووجا، کارەکانی دیکەی وەک خۆڵکاری، پڕکردنەوە، بڕین، تێکەڵە، ڕاخستنی بەردی شکاو، کێربستۆن و قیرتاوکردن.
ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانی فراوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە گەڕەک و ناوچە جیاجیاکانی هەولێر. ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرفتی ئاوەڕۆ و دروستکردنی ئاسانکارییە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و شۆفێران لەو سنوورەدا.
جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێردا، چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە قۆناغی جێبەجێکردندان، کە ئامانجیان گۆڕینی سیمای شار و باشترکردنی گوزەرانی دانیشتووانەکەیەتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.