ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا (22ی تەممووزی 2026)، هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر بەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانە وەرگرت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خاکی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە توندترین شێوە ئەو هێرشانەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند کە "هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نەبووە لە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە". حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بۆردومانانە تەنها پەکخستنی ئاسایشی هەرێم نییە، بەڵکو هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی تەواوی ئارامیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک "فاکتەرێکی ئاشتی و سەقامگیری" ماوەتەوە و داوای کرد کە دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشانە بهێنرێت. ئەم پەیامەی حکوومەت لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر بارگرژییەکی توندی نێوان ئێران و ئەمریکادایە و هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت بکرێتە قوربانیی ململانێی لایەنە دەرەکییەکان و زیان بە ژێرخان و سەلامەتیی هاووڵاتییانی بگات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.