ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند، بارەگای حزبەکەیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە درۆن و مووشەک بۆردومان کراوە و بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە بریندار بوون.
ئەمجەد حوسێن پەنایی ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) پشتڕاستی کردەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (22ی تەممووزی 2026)، هێرش کراوەتە سەر بارەگایەکیان لە دۆڵی ئالانە.
ئەمجەد حوسێن پەنایی ئاشکراشی کرد کە هێرشەکە لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە ئەنجامدراوە.
بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمەڵە، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا 6 پێشمەرگەی حزبەکەیان بریندار بوون. بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاری ورد لەبارەی توندیی برینەکانیان بڵاونەکراوەتەوە.
لە 11 شەوەی ململانێی توندی نێوان واشنتۆن و تاراندا، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ناو جەرگەی هێرشە پەرچەکردارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە تێیدا لە لایەکەوە بەهۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر هەولێر سەربازێکی ئەمریکی بەناوی مایکل ئیمانوێل سوینتۆن کوژرا و لەلایەکی دیکەشەوە ئێوارەی ئەمڕۆ 22ی تەمووز، سوپای پاسداران بە مووشەکی جۆری 'خەیبەری کەرار' بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی لە دۆڵی ئالانەی سنووری سۆران بۆردومان کرد و تێیدا 6 پێشمەرگە بریندار بوون، کە بەمەش ژمارەی گشتیی ئەو مووشەک و درۆنانەی لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوە شوێنەکانی کۆمەڵەیان کردووەتە ئامانج گەیشتە زیاتر لە 94 دانە؛ ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی کە تاران خاکی هەرێمی کوردستان وەک مەیدانێکی سەرەکی بۆ فشارخستنە سەر سێنتکۆم و لێدانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات بەکاردەهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.