لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە كۆتایی بە كارەكانی رەشنووسی دووەمی هەمواری یاسای خزمەت و خانەنشینی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هێنا، بڕیارە یاساكە لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.
عوسمان شەیبانی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لیژنەی ئاسایش و بەرگریی كارەكانی ڕەشنووسی دووەمی هەمواری یاسای خزمەت و خانەنشینی بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ژمارە 18) كۆتایی پێ هێنا.
راشیگەیاندووە: لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ڕەشنووسی یاساكەدا چەند گۆڕانكارییەكی لە بابەتەكانی کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و زیادكردنی دەرماڵەكان كردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە ئاماژەی بە گرنگترین ئەو خاڵانە دا كە لە هەموارەكەدا بڕیاری لەسەر دراوە كە بەشێكیان بریتین لە مانەی خوارەوە:-
- کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە بۆ ئەفسەر و کارمەندان لە 45 ساڵ بۆ 40 ساڵ، بە مەرجێک خزمەت لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت.
- زیادکردنی دەرماڵەی بژێوی (الأرزاق) بۆ سەر مووچەی بنەڕەتی.
- دیاریکردنی ماوەی درێژکردنەوەی خزمەت تەنیا بۆ یەک ساڵ.
- هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی ئەمرایەتی (دائرة الآمرة) و کۆتاییهێنان بە ڕەوانەکردنی ئەفسەران بۆی.
- جێگیرکردنی هەژمارکردنی بڕوانامە بەرزەکان وەک پێشخستنی پلەی وەزیفی، بەجۆرێک دوو ساڵ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا و ساڵێک بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر.
- مامەڵەکردن لەگەڵ کارمەندانی گرێبەست لە وەزارەتی ناوخۆ هاوشێوەی کارمەندانی میلاکی هەمیشەیی لە کاتی شەهیدبووندا.
- بەخشینی پلەی (ملازمی دوو) بە کارمەندی شەهید یان برینداری کەمئەندامی تەواو.
- بەرزکردنەوەی پلەی ئەو بریندارانەی ڕێژەی کەمئەندامییان 50٪ یان زیاترە بۆ پلەیەک بەرزتر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.