ئەمرۆ چوارشەممە (22ی تەممووزی 2026)، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی دیزاین و دروستکردنی ڕێەی جووتسایدی ئێتیت بۆ باعەدرێ، سەردانی شوێنی پڕۆژەکەی کرد و ڕایگەیاند کە کارەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.
پڕۆژەکە کە درێژییەکەی 26 کیلۆمەترە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگای دهۆک. پارێزگار ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 80%ی کارەکان تەواو بوون و پڕۆژەکە چەندین خزمەتگوزاریی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە دروستکردنی 11 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس (پردی پەڕینەوە) و قیرتاوکردنی زیاتر لە 30 کیلۆمەتر ڕێگای لاوەکی و خزمەتگوزاری لەگەڵ سیستەمێکی بەرفراوانی ئاوەڕۆ.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، عەلی تەتەر سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی ئەم جۆرە پڕۆژە گرنگانە لە هەموو ناوچەکان و جەختی کردەوە کە ئەم ڕێگایە دەورێکی باڵا دەبینێت لە ئاسانکاریی هاتوچۆ و پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچەکە.
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای (North Light)ەوە جێبەجێ دەکرێت. لە کاتی بەسەرکردنەوەکەدا، هەریەک لە ئەندازیار شێرزاد قادر بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک و سەرپەرشتیارانی کۆمپانیاکە ئامادە بوون و وردەکاریی قۆناغەکانی کۆتایی کارەکەیان بۆ پارێزگار ڕوون کردەوە.





کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.