ئەمڕۆ چوارشەممە (22ی تەممووزی 2026)، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و نوێنەرانی ڕێکخراوی یونیسێف، پڕۆژەی چارەسەرکردن و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی پیسی کۆمەڵگەی نەخۆشخانەکانی فێرکاری لە شاری سلێمانی بە فەرمی کرایەوە.
لە مەڕاسیمەکەدا، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق لە ڕێکخراوی یونیسێف (UNICEF)، دەستبەکاربوونی ئەم پڕۆژە تەندروستییە ژینگەییەیان ڕاگەیاند. پڕۆژەکە لەلایەن ڕێکخراوی یونیسێفەوە جێبەجێ کراوە و ئامانج لێی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی گشتییە لە ڕێگەی پاککردنەوەی پاشماوە ئاوییە پزیشکییەکان.
ئەم پڕۆژەیە کۆمەڵگەی نەخۆشخانەکانی فێرکاری لە سلێمانی دەگرێتەوە و کار دەکات بۆ پاڵاوتن و چارەسەرکردنی ئەو ئاوە پیسەی لە ئەنجامی کارە پزیشکییەکانەوە دروست دەبێت، تاوەکو بە شێوەیەکی زانستی دووبارە بەکار بهێنرێتەوە. بەرپرسانی تەندروستی جەختیان کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەورێکی باڵا دەبینێت لە ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگەی شارەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی پاشماوەی نەخۆشخانەکان بۆ سەر هاووڵاتییان.
وەزیری تەندروستی لە میانی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ پڕۆژەکە، دەستخۆشی لە ڕێکخراوی یونیسێف کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە پڕۆژە گرنگانە و جەختی لەوە کردەوە کە پەرەپێدانی کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ لە نەخۆشخانەکاندا، بەشێکی دانەبڕاوە لە چاکسازییەکانی ژێرخانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.
لە مەڕاسیمەکەدا هەریەک لە د. سامان حمە خورشید ڕاوێژکاری وەزارەت، د. کاوە خەلیل بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەندروستی و د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئامادە بوون و چۆنیەتی کارکردنی سیستەمەکەیان لە نزیکەوە بەسەر کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.