Erbil 31°C چوارشەممە 22 تەمووز 17:03

عەلی زەیدی ئامۆژگاری ترەمپم کرد هێرش بۆ سەر ئێران دوابخات

100%

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی فراواندا لەگەڵ میدیاکانی ئەمریکا، وردەکاریی گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ستراتیژیی نوێی وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و زیانە ئابوورییەکانی عێراق بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "زە ئەتلانتیک" (The Atlantic)ـی ئەمریکی ڕایگەیاند، کە لە میانی کۆبوونەوەکانی لە کۆشکی سپی، ئامۆژگاریی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای کردووە کە بژاردەی سەربازی و هێرشکردنە سەر ئێران دوابخات و لە جیاتی ئەوە پەنا بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسی ببرێت.

عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ مەیلی بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازیی توند لە ئێران هەبووە، بەڵام ئەو وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای "خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتن"ی لێ کردووە. جەختیشی کردەوە کە عێراق ڕەتیدەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتان و دەیەوێت ڕۆڵی ناوبژیوان و خاڵی بەیەکگەیشتن لە ناوچەکەدا بگێڕێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق و پرسی گرووپە چەکدارەکان، عەلی زەیدی ڕایگەیاند: "هیچ بژاردەیەک لەبەردەم میلیشیاکاندا نییە جگە لە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت." وتیشی: "ئامادەم لە پێناو چەسپاندنی سەروەریی یاسا و داماڵینی چەکی گرووپە نایاساییەکان گیانی خۆم ببەخشم، چونکە ڕێگە نادەین عێراق ببێتە دەوڵەتێکی شکستخواردوو."

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و ڕاوەستانی هەناردەی نەوت، ئابووریی عێراق بڕی 50 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆخە و گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکان، زەیدی پێشنیازی پلانێکی ستراتیژیی 30 ساڵەی بۆ وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیا لەگەڵ واشنتن کردووە، تاوەکو پەیوەندییەکانی هەردوولا لە چوارچێوەی سەربازییەوە بۆ هاوبەشیی ئابووریی درێژخایەن بگۆڕدرێن.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، عەلی زەیدی جەختی کردەوە کە دابینکردنی هەلی کار و گەشەپێدانی ئابووری، تاکە ڕێگەیە بۆ سەقامگیریی هەمیشەیی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی شەڕی تائیفی لە عێراقدا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.