سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە هێزەکانیان تەقەی ئاگادارکردنەوەیان بەسەر یەکەیەکی سوپای لوبناندا کردووە لە باشووری ئەو وڵاتە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای لوبنان بە بەزاندنی سنووری ڕێککەوتنەکان تۆمەتبار کرا.
کاپتن ئیلا گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە (21ی تەممووزی 2026) ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ناوچەی ئارام لە باشووری لوبنان، یەکەیەکی سوپای لوبنانیان نیشان کردووە کە ئامێرێکی ئەندازیارییان پێ بووە. بەپێی گوتەی سوپای ئیسرائیل، ئەو هێزە بڕی 150 مەتری بڕیوە و چووەتە ناو ناوچەی ئارام و بەربەستە ئەمنییەکانی لە ناوچەی زۆتەر ئەلشەرقییە بەزاندووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێزە، سەربازانی ئیسرائیل تەقەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ ئاسمان کردووە، بەبێ ئەوەی ژیانی سەربازە لوبنانییەکان بخەنە مەترسییەوە. گوتەبێژەکە گوتی: هێزە لوبنانییەکە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت لە شوێنەکە دوورکەوتوونەتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە ئەو ناوچەیەی سوپای لوبنان چوونەتە ناوی، بەشێک نییە لە پڕۆژە تاقیکارییەکە کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتووە. سوپای ئیسرائیل داوا لە سوپای لوبنان دەکات پابەندی ڕێککەوتنەکان بن و تەنها لەو ناوچانەدا بجوولێنەوە کە لەسەری ڕێککەوتوون.
سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوە کە هەر جۆرە بەزاندنێکی ناوچەکان بەبێ هەماهەنگی پێشوەختە، دەبێتە هۆی خستنە مەترسیی ژیانی هێزەکان لەسەر زەوی.
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە سوپای لوبنان خەریکی جێگیربوونە لە هەندێک ناوچەی باشوور وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.