Erbil 31°C سێشەممە 21 تەمووز 19:16

عەون و ترەمپ کۆدەبنەوە و سوپای لوبنان لە ناوچە 'تاقیکارییەکان' جێگیر دەبێت

100%

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری لوبنان لە واشنتۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە سوپای لوبنان دەستی بە جێگیربوون کردووە لە ناوچە تاقیکارییەکانی باشوور، هاوکات فشاری واشنتۆن بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا گەیشتووەتە ئەوپەڕی.

ئەمڕۆ سێشەممە سوپای لوبنان ڕایگەیاند کە دەستیان بە جێگیربوون کردووە لە شارۆچکەی (زۆتەر ئەلغەربییە) لە ناوچەی نەباتییە، کە بەپێی ڕێککەوتنی "چوارچێوەی کار" لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل وەک ناوچەیەکی تاقیکاری دیاریکراوە. سوپا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتی جێگیربوونەکەدا تەقەیان لە نزیک شوێنی سەربازە لوبنانییەکان کردووە، ئەمەش وەک "ئاستەنگێک" بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە وەسف کراوە.

چاودێران پێیانوایە پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان ترەمپ و عەون دەبێت. مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای دیدارەکەی ڕۆژی یەکشەممەی لەگەڵ عەون ڕایگەیاند: "تا ئەم کێشەیە (چەکی حیزبوڵا) بمێنێت، لوبنان ئاشتیی ڕاستەقینە بەخۆیەوە نابینێت."

جۆزێف عەون کە پێشتر فەرماندەی سوپا بووە و لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە بە پشتگیریی ڕۆژئاوا بووەتە سەرۆک کۆمار، بەڵێنی داوە کار بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵا بکات؛ هەنگاوێک کە حیزبوڵڵا چەندین جار ڕەتی کردووەتەوە.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە حیزبوڵڵا لە 2ی ئازاری 2026 بەرەیەکی شەڕی دژ بە ئیسرائیل کردەوە، وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە یەکەم ڕۆژی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەو کاتەوە زیاتر لە 4,300 کەس لە لوبنان کوژراون و ئیسرائیل ناوچەیەکی فراوانی لە باشووری لوبنان داگیرکردووە.

بەپێی ڕێککەوتنی 26ی حوزەیران، ئیسرائیل دەبێت بە قۆناغ لەو ناوچانە پاشەکشە بکات کە داگیری کردوون، لە بەرامبەردا سوپای لوبنان جێگیر دەبێت و کار بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵا دەکات. حەسەن جۆنی، شارەزای سەربازی، بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە ئەم جێگیربوونە "تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ جیدییەتی ئیسرائیل لە پاشەکشە و هەڵوێستی مەیدانیی حیزبوڵڵا بەرامبەر بە سوپا."

چاوەڕوان دەکرێت جۆزێف عەون داوای هاوکاریی سەربازیی زیاتر بۆ سوپای لوبنان بکات تا بتوانێت ئەرکە ئاڵۆزەکانی جێبەجێ بکات. ڕۆبێرت ساتلۆف، بەڕێوەبەری پەیمانگای واشنتۆن، دەڵێت: "ترامپ دەیەوێت بەڵگەی زیاتری دەستکەوێت لەسەر جیدییەتی عەون، لەوانە دوورخستنەوەی ئەو ئەفسەرانەی سوپا کە گومانی هاوکارییان لەگەڵ حیزبوڵڵا لێ دەکرێت."

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە عەون دەیەوێت ترەمپ لەو بیرۆکەیە پاشگەز بکاتەوە کە "ڕێگە بە سووریای ئەحمەد شەراع بدات هێز بنێرێتە ناو لوبنان بۆ لەناوبردنی حیزبوڵا"، کە پێشتر سەرۆکی سووریا ڕەتی کردبووەوە دەستوەردان لە کاروباری لوبنان بکات.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە لە 7ی تەممووزەوە جارێکی تر شەڕی چڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەستی پێکردووەتەوە، ئەمەش دوای شکستهێنانی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە 17ی حوزەیراندا بۆ ماوەیەکی کورت ئاگربەستی هێنابووە کایەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.