پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 11 هەزار مەتر چوارگۆشە، پارکێکی نوێ لە شاوێس کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تەمموزی 2026، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و زەندی جەبار، سەرۆکی شارەوانی شاوێس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و گرنگیدانی زیاتر بە پاراستنی ژینگە، پارکی شاوێس کرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم پڕۆژە خزمەتگوزاری و ژینگەییە، لەسەر ڕووبەری ( 11,250 مەتری چوارگۆشە) جێبەجێ کراوە، پڕۆژەکە بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و سەرۆکایەتیی شارەوانیی شاوێس و کۆمپانیای ئەسیۆرد (زین) بۆ پەیوەندییەکان ئەنجام دراوە، کە تێیدا لەسەر ڕووبەرێکی بەرفراوان نەمام و داری جۆراوجۆر چێندراون و شوێنی حەوانەوە و دانیشتنی گونجاو بۆ خێزان و هاووڵاتییانی ناوچەکە دابین کراوە.
لە کاتی کردنەوەی پارکەکەدا، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پەرەپێدانی سێکتەری خزمەتگوزاری و بەرزکردنەوەی ستانداردی ژینگەیی لە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری هەولێر لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە، ئەم هەنگاوەش خزمەتێکی بەرچاو بە تەندروستیی گشتی و دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ حەوانەوەی هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.