پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری شارەدێی وەرتێ، گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ کە کارمەندی پڕۆژەی ڕووناکی بووە، لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا تووشی تەزووی کارەبا بوو و بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا؛ پۆلیسیش لێکۆڵینەوەی لە چۆنییەتی ڕووداوەکە دەست پێ کردووە.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە کەریم سمکۆ (پەیامنێری کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: لە کاتی کارکردن لە گوندی "ڕەژووکەریان"ی سنووری ناحیەکە، کارمەندێکی پڕۆژەی ڕووناکی بەناوی (یوسف موراد حەمەسەعید) تووشی ڕووداوی کارەباگرتن بووە.
بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاماژەی بەوە دا، کە کارمەندەکە تەمەنی 21 ساڵە و خەڵکی شاری کفرییە. ناوبراو دوای ڕووداوەکە و لە کاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی زەبرەکەوە لە ڕێگە گیانی لەدەست داوە.
سەبارەت بە ڕێکارە تەکنیکییەکان، شۆڕش حەسەن گوتی: "تیمەکان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە یەکەی کۆنتڕۆڵەوە هەیە بۆ کوژانەوە و پێکردنەوەی کارەبا، بەڵام ئێمە وەک یەکەی کارگێڕی لەو کارە ئاگادار نەکرابووینەوە."
لە ئێستادا دوای ڕەوانەکردنی تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی سۆران، ڕەوانەی زێدی خۆی کراوەتەوە. هاوکات بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە تاوەکو هۆکاری سەرەکیی کەمتەرخەمییەکان یەکلایی بکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.