Erbil 31°C سێشەممە 21 تەمووز 19:17

هەولێر.. بڕیاری دابەزینی نرخی بەنزین جێبەجێ کرا 

100%

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ دابەزینی نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی، ئەمڕۆ بڕیارەکە جێبەجێ کرا و هەر شوێنێکیش سەرپێچی بکات رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تەمووز، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دوابەدوای فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێم و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری كاكه‌شین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر و لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین و ئەنجومەنی بەنزینخانەكان، بۆ بەدواچوون لە جێبەجیكردنی فەرمانەکە،كە دەبێت نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵی حکوومی "پاڵپشتیکراو" بە 750 دینار بێت و نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانیش بە 850 دینار بێت، بەنزینخانەی شیمالی لە شاری هەولێر بەسەر كردەوە.

دوای بەسەركردنەوەی بەنزینخانەكە و لەنزیكەوە گفتوگۆكردن لەگەڵ شوفێران، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای سەرهەڵدانی کێشەی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ بڕیاری چارەسەرکردنی دەرکرد و هاووڵاتییانی خستە سەنتەری گرنگیپێدانەوە. 

پارێزگاری هەولێر گوتی: "بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت کە لیتری بە 750 دینارە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێت، هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و پاڵاوگەکان پابەند کراون بەرهەمی پێویست دابین بکەن". 

هەروەها ئاشكراشی كرد، لە شاری هەولێر 266 بەنزینخانە هەن و بەشی هەرە زۆریان پابەندی بڕیارەکە بوون و تابلۆی نرخەکانیان گۆڕیوە بۆ 850 دینار بۆ هەر لیترێکی بازرگانی.

سەبارەت بە ئەرکی لیژنەی چاودێریکردنی کوالێتی بەنزین بۆ چاودێریکردنی نرخەکانیش، ئومێد خۆشناو جەختی لە بەردەوامی سەردانە مەیدانییەکانیان کردەوە و ڕایگەیاند، هیچ بەنزینخانەیەک سزا نادرێت ئەگەر پابەندی رێنماییەکان بێت، بەڵام هەر شوێنێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی رابردوودا حەوت بەنزینخانە بەهۆی خراپیی کوالێتییەوە سزادراون و ناوەکانیان بڵاوکراوەتەوە.

هەروەها ڕوونی کردەوە، دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و پارێزگارەکان میكانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکان تاوتوێ کراون و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕی سووتەمەنییەکە زیاد دەکات. باسی لەوەش کرد، لە پلاندایە سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە رێکبخرێت بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی زیاتر.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.