فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان - شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەدواداچوون و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر بەردەوامن و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تەمووز، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان - شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری کە لە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و دەزگای دژەتیرۆرەوە وەرگیراون، و بە چاودێری و پلاندانانی وردی شانەی بەئامانجگرتن لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هێزێکی ئاسمانیی سەر بە هێزە تایبەتەکان ئۆپەراسیۆنێکی خێرایان ئەنجامدا.
ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی دەستنیشانکردنی 6 حەشارگەی تیرۆریستان لە ناوچەی (دۆڵی زغەیتوون) لە سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، کە دواتر لەلایەن فڕۆکەوانیی سوپاوە بە گورزی ئاسمانیی ورد و کاریگەر وێران کران.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێزە تایبەتەکان دەستیان بە پشکنینی شوێنەکان کردووە و تەواوی پاشماوەی حەشارگەکانیان تەقاندووەتەوە. جەختیش کراوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ پاککردنەوەی تەواوی ناوچەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دووپاتی کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان وەک سێبەر و قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستنی خاک و گەلی عێراق دەمێننەوە و ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەن ئاسایشی وڵات تێکبدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.