وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە روونكردنەوەیەكی لەبارەی دۆخی ئێستای كارەبا لە عێراق بڵاو كردەوە و دانی پێدا نا كە ئێستا سیستمی کارەبای نیشتمانی لە بارودۆخێکی نائاسایی و سەختدایە، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاری بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.
ئەحمەد تورکی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: وەزارەتەكەمان بە تەواوی ئاگاداری ئەو دۆخە نەخوازراوەیە کە بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە پارێزگاکاندا ڕووبەڕووی هاووڵاتییان بووەتەوە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە و خواست لەسەر وزە زیادی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەت هۆکاری ئەم کێشەیەی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە کە دیارترینیان بریتین لە: کەمبوونەوەی دابینکردنی غازی هاوردەکراوە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەکە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی خواست لەسەر كارەبا، بەردەوامیی زیادەڕۆییەکان بۆ سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی، کۆنیی بەشێک لە ژێرخانی كارەبا کە پێویستیان بە تەرخانکردنی بودجەی زیاتر هەیە بۆ خێراکردنی پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن.
ئەحمەد تورکی جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، تیمەکانی وەزارەت بە شەو و ڕۆژ لە هەموو پارێزگاکاندا کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنان بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ سیستمی کارەبا لە زووترین کاتدا.
لە کۆتاییدا وەزارەتی کارەبا داوای لە هاووڵاتییان کرد کە لە ڕێگەی دەستگرتنەوە بە بەکارهێنانی كارەباوە و نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبا، هاوکاریان بن لە کەمکردنەوەی لۆد و باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی باشتر بگەنەوە دەستیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.