وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ماوەیەکە چەندین هەواڵ و لێدوان لەبارەی هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتیمانی و ئەو خزمەتگوزارییانەی لە داهاتوودا پێشکەشی دەکرێت بڵاودەکرێنەوە، کە زۆرجار زیادەڕۆیی و ناڕاستییان تێدایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی تەمووز، د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی و ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: ماوەیەکە چەندین هەواڵ و لێدوان لەبارەی هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکەکە و ئەو خزمەتگوزارییانەی لە داهاتوودا پێشکەشی دەکات بڵاودەکرێنەوە، کە زۆرجار زیادەڕۆیی و ناڕاستییان تێدایە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا پڕۆسەی دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و پڕۆسەی تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتن بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەر، یاریدەدەری بەشەکان و فەرمانبەران بەڕێوەدەچێت.
ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی جەختی کردەوە کە هەر زانیاری و بەرەوپێشچوونێکی نوێ هەبێت، بە فەرمی لە لاپەڕەی وەزارەتی دارایی بڵاودەکرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر کەس و لایەن و بەرپرسێک لە وەزارەتە جیاوازەکان لێدوان و شیکردنەوە لەسەر هەنگاوەکانی ئەو بانکە بدات، تەنها گوزارشت لە ڕای تایبەتی خۆی دەکات و وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لێی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.