نەبیل فەهمی، ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هۆشداریی لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی هێرشە بێسەروبەرەکانی ئێران بۆ سەر چەند وڵاتێکی عەرەبی دا و ڕایگەیاند، ئەم کارانە هەوڵێکی ئاشکران بۆ فراوانکردنی مەودای ململانێکان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ئەمینداری گشتی لە بەیاننامەکەیدا ناڕەزایی تەواوی خۆی بەرامبەر دوژمنکارییەکانی ئێران دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی وەک شانشینی بەحرەین، شانشینی ئوردن، دەوڵەتی قەتەر و دەوڵەتی کوێت، کە ژێرخان و دامەزراوە هەستیارەکانی کردووەتە ئامانج، لەگەڵ هێرشە یەک لەدوای یەکەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی دوژمنکارانەن کە ناکرێت بێدەنگییان لە ئاست بکرێت.
نەبیل فەهمی جەختی کردەوە، سووربوونی تاران لەسەر ئەم سیاسەتانە نیشانەی خوێندنەوەی هەڵەیە بۆ واقیع و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی وڵاتانی عەرەبی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ڕاشیگەیاند، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر وڵاتێکی عەرەبی، بە هێرش بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی بە کۆمەڵ دادەنرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەمینداری گشتی داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکاتەوە و کۆتایی بەو هێرشانە بهێنێت کە دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی پشێوی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی، هەروەها داوای کرد تاران پابەندی ڕێڕەوی دانوستان و یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت. هاوکات هاوپشتیی تەواوی کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ هەموو ئەو وڵاتانە دووپات کردەوە کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی سەروەری بوونەتەوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.