وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی کۆماری عەرەبیی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و چەند وڵاتێکی ناوچەکە کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەو هێرشانەی لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە ئەنجام دەدرێن، پێشێلکارییەکی ڕاشکاو و زەقی سەروەریی دەوڵەتانن. وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەختی کردەوە کە هێرشەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، کوێت، عومان، بەحرەین و ئوردن، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و بەزاندنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
حکوومەتی سووریا هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی "برا" دووپات کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەستدرێژییانەدا. هەروەها ڕایگەیاند کە دیمەشق هەموو ئەو هەنگاوانە ڕەت دەکاتەوە کە دەبنە هۆی تێکدانی ئارامیی ناوچەکە.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێز لە سەروەریی دەوڵەتان و یەکپارچەیی خاکەکەیان بگیرێت و پابەندی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی بن، تاوەکو ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی پارێزراو بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.