Erbil 31°C ھەینی 17 تەمووز 16:34

تکریت: دۆزینەوەی 30 ملیۆن دۆلار لە ناو 17 بوتڵی پلاستیکیدا

Kurdistan Ahmed
100%

هێزە ئەمنییەکان و تیمی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕدا لە شاری تکریت، دەستیان بەسەر بڕی 30 ملیۆن دۆلاری نەختێنەدا گرت کە لە ناو بوتڵی گەورەی پلاستیکیدا حەشار درابوون.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، دانیشتووانی شەقامی "ئەربەعین" لە ناوەندی شاری تکریت پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە کردووە دوای ئەوەی دەنگی بەردەوامی درێل و چەکوش (هەمەر) لە ناو ماڵێکی ناوچەکەدا بیستراوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو ماڵە خاوەندارێتییەکەی بۆ یەکێک لە خزمە نزیکەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق دەگەڕێتەوە. هێزە ئەمنییەکان دوای وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنەکە و لە ناو دیوار و نهێنییەکانی ماڵەکەدا دەستیان بەسەر 17 بوتڵی گەورەی پلاستیکیدا گرتووە کە سەرجەمیان پڕ کرابوون لە دراوی دۆلاری ئەمریکی.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی ژماردنی پارەکان بەردەوامە، بەڵام خەمڵاندنە سەرەتاییەکان باس لە هەبوونی نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار دەکەن. ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک بەشێک لە زنجیرە هەڵمەتە توندەکانی حکوومەتی عێراق دەبینرێت بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و ڕاوەدوونانی ئەو بەرپرسانەی کە سامانی گشتییان بە نایاسایی کۆکردووەتەوە. دەستبەسەرداگرتنی ئەم بڕە پارە زەبەلاحە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستەی دەستپاکی چەندین بەرپرسی تری کەرتی نەوتی بە تۆمەتی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دەستگیر کردبوو.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە شێوازی حەشارانی ئەم پارەیە لە ناو بوتڵی پلاستیکیدا، قەبارەی ئەو مەترسی و دڵەڕاوکێیە نیشان دەدات کە بەرپرسە تێوەگلاوەکان لە گەندەڵی تووشی بوون، بەجۆرێک کە ناتوانن سامانی دزراو لە ناو بانکەکاندا دابنێن. حکوومەت جەخت دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ خاوەنی ماڵەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبن تاوەکو سەرچاوەی ڕاستەقینەی ئەو پارانە و هەموو ئەو کەسانەی لە پشت ئەم "تاڵانییە" گەورەیەن ئاشکرا بکرێن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.