بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەمووزی 2026، ئافرەتێکی تەمەن 26 ساڵ لە گەڕەکی قەڵاتی شاری ڕانیە، لە ئەنجامی دەمەقاڵێ و تەقەکردنی نێوان هاوسەرەکەی و برایەکی هاوسەرەکەیدا گیانی لەدەست دا.
بەپێی لێدوانی فەرمیی پۆلیس، قوربانییەکە ناوی (ئـ، ڕ، ع) و پیشەی ژنی ماڵ بووە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەڕەکە لەنێوان هاوسەری ئافرەتەکە و براکەیدا ڕوویداوە، لە کاتی پەرەسەندنی دەمەقاڵێیەکەدا یەکێک لە براکان بە چەکی جۆری تاپڕ تەقەی لە براکەی تری کردووە، بەڵام بە هەڵە فیشەکەکە بەر ژنی براکەی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
تەرمی قوربانییەکە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاریی یاسایی، ڕادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.
دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەت ڕایانگەیاندووە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی (کوشتنی بە ئەنقەست) دەرکراوە و هێزەکانی پۆلیس لە هەوڵی دەستگیرکردنیدان، هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی پشت ئەم کارەساتە خێزانییە دەستی پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.