Erbil 31°C چوارشەممە 15 تەمووز 02:54

ترەمپ و زەیدی: سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە

100%

دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەهاوبەشەكەیاندا لە کۆشکی سپی، ڕێککەوتنی کۆتاییان لەبارەی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق تاوەکو کۆتایی مانگی 9 ڕاگەیاند، هاوکات ترەمپ جەختی لە بەردەوامیی گورزە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران کردەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا لە واشنتۆن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ستراتیژیەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە عێراق ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: کۆمپانیا نەوتییەکانمان دەچنە عێراق و سوپاکەمان دەکشێتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا لە هاوبەشییەکی سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی بەهێز، کە تێیدا کەرتی وزە و وەبەرهێنانی ئەمریکی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە بونیادنانەوەی ژێرخانی عێراقدا.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاتی وردی کشانەوەی هێزە بیانییەکانی دیاری کرد و رایگەیاند کە "کۆتایی مانگی 9، هێزە ئەمریکییەکان خاکی عێراق جێدەهێڵن.

زەیدی گوتیشی کە عێراق پێویستی بە گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکان هەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو قۆناغە نوێیە، ڕایگەیاند: دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت. ئەم پەیامەی زەیدی وەک هەوڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینرێت بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پشێوییەکی چەکداری لە دوای کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان.

لە تەوەرێکی دیكەی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا، دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و بە فەرمی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەكەی لە ناوخۆی ئێران دووپات کردەوە.

ترەمپ گوتی: بەردەوامین لە هێرشکردنە سەر ئێران.

ئەم لێدوانەی ترەمپ نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن سەرەڕای کشانەوەی لە عێراق، ستراتیژیەتی سەرکوتکردنی هەڕەشەکان لە ناوچەکەدا توندتر دەکاتەوە و ڕێگە نادات هیچ هێزێک ئاسایشی دەریاوانی و سەقامگیریی هاوپەیمانەکانی تێک بدات.

 ڕێککەوتنی ترەمپ و زەیدی لەسەر کشانەوەی هێزەکان لە مانگی 9 و هێنانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت، ئاسۆی پەرەپێدانی ئابووریی عێراق و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا ڕوونتر دەکاتەوە، لە کاتێکدا حكوومەتی عێراق پابەندیی خۆی بە کۆنترۆڵکردنی تەواوی چەک و ئاسایشی ناوخۆیی دووپات دەکاتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.