مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا ستایشی "خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنی" هاووڵاتییانی باشووری وڵاتەکەی کرد بەرامبەر بەو بارودۆخە سەختەی کە بە وتەی ئەو "بەهۆی دەستدرێژییەکانی دوژمنەوە" دروست بووە.
پزیشکیان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند، کە باشووری ئێران لە مێژوودا هەمیشە هێمای بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و پاراستنی سەربەخۆیی بووە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بە "صبوری و پایمەردی"، ئەم ڕۆژە سەختانەی ئێستا بە شکۆوە تێدەپەڕێنن. ئەم لێدوانانەی سەرۆککۆمار لە کاتێکدایە کە شارە کەناراوییەکانی باشوور، بەتایبەتی بەندەر عەباس و بووشەهر، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بوونەتە ئامانجی گورزە سەربازییەکانی ئیدارەی ترەمپ و پەرەسەندنی ململانێکان لە گەرووی هورمزدا.
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە حكوومەت قەدرزانی وەفاداریی خەڵکی باشوورە و لە پاڵیاندا دەمێنێتەوە. پزیشکیان پەیامەکەی بە دروشمی "هەموو شوێنێکی ئێران ماڵی منە" کۆتایی پێ هێنا، کە وەک هەوڵێک بۆ جۆشدانی هەستی نیشتمانپەروەری و یەکڕیزیی ناوخۆیی دەبینرێت لەم قۆناغە هەستیارەدا. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم پەیامە هەوڵێکە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هاووڵاتییان و نیشاندانی ئەوەی کە تاران سەرەڕای فشارە سەربازییە توندەکان، هێشتا کۆنترۆڵی دۆخەکەی لەدەستە و پشت بە "خۆڕاگریی جەماوەری" دەبەستێت.
ئەم پەیامەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران بەردەوامن و بوونەتە هۆی دروستبوونی بارگرانیی دەروونی و ئابووری بۆ دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان. بەکارهێنانی دەستەواژەی "دەستدرێژیی دوژمن" لە لایەن سەرۆککۆمارەوە، نیشانەی ئەوەیە کە تاران هێشتا هیچ ئاسۆیەکی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ واشنتن و هاوپەیمانەکانی نابینێت و خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن ئامادە دەکات. پزیشکیان دەیەوێت بەم پەیامە جەخت لەوە بکاتەوە کە مێژووی "بەرەنگاربوونەوەی" باشوورییەکان جارێکی تر لە دژی فشارەکانی ئێستای ئەمریکا دووبارە دەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.