بەهۆی پێکدادانی بارهەڵگرێک و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لەسەر ڕێگای سەرەکیی سلێمانی – بازیان، چوار کەس بریندار بوون و زیانی زۆری ماددیش بە ئۆتۆمبێلەکان گەیشت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لەسەر ڕێگای سەرەکی سلێمانی – بازیان و بەدیاریکراوی لە ڕێگای دێلێژە، ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە نێوان بارهەڵگرێکی سووتەمەنی و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت ڕوویدا و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
موقەدەم ئەڵێن کەریم حەمەڕەشید، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی بازیان ڕایگەیاند: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەم ڕووداوەدا تاوەکو ئێستا چوار کەس بریندارن کە بەداخەوە برینی یەکێکیان سەختە و زیانی زۆریش بە ئۆتۆمبێلەکان گەشتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بارهەڵگرەکە کە هەڵگری سوتەمەنی بەنزین بووە، لێچوونی هەبووە بۆ سەر ڕێگاکە، لە ئێستاشدا تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە شوێنەکە ئامادەن لەپێناو دروستنەبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
ناوبراو ئاشکرای کرد، تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و کەشف و هێڵکاری بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ڕاستەقینەی کەوتنەوەی ڕووداوەکە دەکرێت، پاشان بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، ئەنجامەکان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.