هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگای کەلار - باوەنوور حەوت کەس بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەمڕۆ هەینی 10ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کەمێک پێش ئێستا، لەسەر ڕێگای کەلار - ناحیەی باوەنوور لە نزیک گوندی "تازەدێ"، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (نیسان پیکاب)، بە ئاراستەی ناحیەی باوەنوور ڕۆیشتووە، کۆنترۆڵی لەدەست داوە و وەرگەڕاوە.
هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش داوە، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا شۆفێر و شەش سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بریندارەکان لەدایکبووی ساڵەکانی (1956 و 1960 و 1990 و 2013 و 2011) لەگەڵ دوو منداڵی تەمەن 9 ساڵان.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرجەم بریندارەکان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، تیمەکانی هاتوچۆش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتیی ڕووداوەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.