عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، نوێترین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان و پرسی پشکی ئێران لە دەریای خەزەر (قەزوین) ئاشکرا کرد.
ئاژانسی هەواڵی "مێهر" بڵاوی کردەوە، کە عەباس عێراقچی لە پەراوێزی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە؛ دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی عومانی سەبارەت بە دیاریکردنی میکانیزمی یاسایی و بەڕێوەبردنی ڕێڕەوی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز بەردەوامن. وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە: "لە ڕێککەوتن لەگەڵ عومان زۆر نزیکین، بەڵام پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز بەستراوەتەوە بە چەند مەرجێکی دیکەوە."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە دیاریکردنی پشکی 11%ـی ئێران لە دەریای خەزەر دەکەن، عێراقچی ڕوونی کردەوە کە ئەم بابەتە لە کۆنوانسیۆنی ئێستادا جێگیر نەکراوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی بوونی جیاوازی لە تێڕوانینەکان لەسەر "هێڵی بنەڕەتی" و شێوازی دابەشکردن، پرسی پشکی ئێران لە کۆنوانسیۆنەکە دوورخراوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "دیاریکردنی پشکی کۆتایی ئێران دواخراوە بۆ دانوستانە دوو قۆڵی و سێ قۆڵییەکانی داهاتوو، تاوەکو لەسەر بنەمایەکی یاسایی کە مافەکانی ئێران بپارێزێت، بگەنە ئەنجام."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.