Erbil 31°C ھەینی 10 تەمووز 22:28

دەستکەوتە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم بە داتا

100%

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامە چاکسازییەکەیدا، توانیویەتی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا ئەنجام بدات، کە بەپێی داتا فەرمییەکان، لە زۆر بواری ژێرخانیدا ئاستی خزمەتگوزارییەکان چەندین هێندە زیادیان کردووە.

ئاسایشی ئاو؛ گەشەی 10 هێندەیی لە گلدانەوەی ئاو
یەکێک لە دەستکەوتە هەرە دیارەکانی ئەم کابینەیە لە بواری ئاسایشی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیدایە. لە کاتێکدا لە ماوەی نێوان ساڵانی 1992 تاوەکو 2019 توانای گلدانەوەی ئاو لەو بەنداوانەی دروست کرابوون تەنها نزیکەی 30 ملیۆن مەتر سێجا بووە، کابینەی نۆهەم توانیویەتی ئەم توانایە بۆ 252 ملیۆن مەتر سێجا بەرز بکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە 30 پۆندی نوێ تەواو کراون و 57 پۆندی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان، کە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە مێژووی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا.

ژێرخانی کارەبا و وزەی پاک
لە سێکتەری کارەبادا، کابینەی نۆیەم توانیویەتی ژێرخانی ئەم بەشە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات، بە جۆرێک کە ئاستی بەرهەمهێنان لە 2360 مێگاواتەوە بۆ 4334 مێگاوات بەرز بووەتەوە. خاڵی گرنگی ئەم گەشەکردنە ئەوەیە کە 634 مێگاواتی ئەم بڕە لە ڕێگەی وزەی پاک و تیشکی خۆرەوە دابین دەکرێت، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پاراستنی ژینگە و پەرەپێدانی وزەی نوێبوەوە.

کشتوکاڵ، وەبەرهێنان و هەلی کار
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا تەرکێزی خستووەتە سەر فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵدا کە ڕێژەی وەبەرهێنان تێیدا لە 1.8% بۆ 12% بەرز بووەتەوە. ئەم گەشە ئابوورییە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕی کار هەبووە و توانراوە 150,000 هەلی کاری نوێ لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە بۆ گەنجان بڕەخسێندرێت. هەروەها 8,136 گەنج توانیویانە لە پاڵپشتییەکانی "سندوقی پڕۆژە بچووکەکان" سوودمەند بن بۆ دەستپێکردنی کار و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان.

ژینگە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان
لە ڕووی ژینگەییەوە، ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لە 15% بۆ 20% بەرز کراوەتەوە، کە ئەمەش بەشێکە لە پلانی فراوانکردنی پشتێنەی سەوز و پاراستنی سروشتی ناوچەکە. ئەم دەستکەوتانە لە کاتێکدان کە حکوومەت لە بوارەکانی دیکەی وەک: دروستکردنی ڕێگەوبانی ستراتیژی، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت، بەبانکیکردنی مووچە و داهات (هەژماری من)، بونیادنانی دەیان نەخۆشخانە، قوتابخانە و مزگەوت بەردەوام بووە، کە هەموویان پێکەوە وێنەی کوردستانێکی بەهێزتر لە ڕووی ژێرخان و خزمەتگوزارییەوە نیشان دەدەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.