Erbil 31°C دووشەممە 13 تەمووز 12:32

سەرۆکی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر هۆشداری دەداتە خاوەن مۆلیدەکان

Dahen Zrar
100%

سەرۆکی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، پارێزگای هەولێر سەرجەم خاوەن مۆلیدەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی، پابەندی دابینکردنی کارەبا بن بۆ هاووڵاتییان، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە خۆران تەحسین، سەرۆکی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند، دوای بڵاوکراوەکەی پارێزگای هەولێر، زۆربەی خاوەن مۆلیدەکان پابەندبوونی خۆیان نیشانداوە و لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، مۆلیدەکانیان هەڵدەگیرسێنن. هەروەها جەختی کردەوە کە ئەو خاوەن مۆلیدانەی پێشتر کێشەیان لە پێدانی کارەبا هەبووە، ئێستا مافی هاووڵاتییانیان داوەتەوە و گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خۆران تەحسین باسی لەوە کرد کە تەنها ڕێژەیەکی کەمی خاوەن مۆلیدەکان لەگەڵ بڕانی کارەبای نیشتمانی مۆلیدەکانیان هەڵنەکردووە، ئەوەش بەهۆی زۆریی تێچووی کارپێکردن و نەبوونی توانای دارایی، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو بارەیەوە بە مافی خاوەن مۆلیدەکان دەزانێت.

جێی ئاماژەیە، پارێزگای هەولێر هۆشداری توندی داوەتە خاوەن مۆلیدەکان کە هەر سەرپێچییەک لە ڕێنماییەکان ببێتە هۆی بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە کارەبا، دەبێتە هۆی داخستنی شوێنی مۆلیدەکە و ئەنجامدانی لێپێچینەوەی توند لەگەڵ خاوەنەکەی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.