Erbil 31°C شەممە 22 ئاب 11:40

وەزارەتی کارەبا: 6000 موەلیدە لە هەرێمی کوردستان کوژێنراونەتەوە

Kurdistan Ahmed
100%

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنەوەی تۆڕی گشتی و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سێکتەرەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا جێبەجێ کران. ئەم پڕۆژانە بوونە هۆی وەرچەرخانێکی گەورە لە کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی و کوژاندنەوەی 6,000 موەلیدەی ئەهلی لە سەرانسەری هەرێم.

لە سێکتەری بەرهەمهێناندا، توانراوە 1,974 مێگاوات کارەبای تازە بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی زیاد بکرێت. ئەم بڕە کارەبایە لە ڕێگەی چەندین وێستگەی جیاوازەوە دابین کراوە، لەوانە: وێستگەی خورماڵە (500 مێگاوات)، وێستگەی هەڵمیی خەبات (300 مێگاوات)، بازیان (750 مێگاوات)، گەرمیان (165 مێگاوات)، دێرەلوک (38 مێگاوات)، و وێستگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک (87 مێگاوات). هەروەها وەک هەنگاوێک بەرەو وزەی پاک، 134 مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە لە ناوچە جیاوازەکان بەرهەم هێنراوە.

بۆ گەیاندنی کارەبا بە کوالیتییەکی بەرز، 61 پڕۆژەی جیاواز لە سێکتەری گواستنەوە بە گوژمەی 372.84 ملیۆن دۆلار ئەنجام دراون. پشکەکان بەم شێوەیە دابەش بوون: لە هەولێر و سۆران 31 پڕۆژە بە بڕی 233.72 ملیۆن دۆلار، لە دهۆک و زاخۆ 8 پڕۆژە بە بڕی 40.13 ملیۆن دۆلار، و لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین 22 پڕۆژە بە گوژمەی 98.99 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون.

لە سێکتەری دابەشکردندا، 3,880 پڕۆژە بە تێچووی 259.27 ملیار دینار ئەنجام دراون. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی گەیاندنی کارەبا بۆ 575,000 هاوبەشی نوێ و دابینکردنی کارەبای بەردەوام (24 کاتژمێری) بۆ 90%ی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان. لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژانەدا، 1,125 پڕۆژە لە هەولێر و سۆران، 531 پڕۆژە لە دهۆک و زاخۆ، و 2,224 پڕۆژە لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین جێبەجێ کراون.

جگە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، حکومەت هەڵمەتێکی فراوانی بۆ ڕێگری لە سەرپێچییەکان دەست پێ کردووە و توانیویەتی 62,688 سەرپێچی لەسەر تۆڕی نیشتمانی لابدات. هاوکات لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، توانراوە ساڵانە بڕی 300 ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی گشتی بگەڕێندرێتەوە. ئەم چاکسازییانە پێکەوە بوونە هۆی ئەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن و 6,000 موەلیدە لە ناو گەڕەکەکان بکوژێندرێنەوە، کە ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژینگەی شارەکان و گیرفانی هاووڵاتییان دروست کردووە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.