ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاوی کردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران، لانی کەم 3 کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان بۆ کاروباری ئەمنی و جێبەجێکردنی یاسا، بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە کە بۆردومانەکە دەوروبەری شاری ئەهوازی پێکاوە. بە وتەی ئەم بەرپرسە ئێرانییە، هێرشەکە زیانی گیانی و برینداری لێکەوتووەتەوە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکان و قەبارەی زیانە مادییەکان نەخستووەتەڕوو.
تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هێرشە و ئامانجەکانی نەداوە.
گرژییەک بەرفراوانتر دەبێت
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە لێواری تەقینەوەیەکی سەربازیی گەورەدایە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تاران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی ناوی بردبوو بە "پەیمانشکێنییەکانی واشنتن" و بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەختی کردبووەوە کە ڕێگە بە پەکخستنی جووڵەی کەشتیوانی نادەن و ڕایگەیاندبوو کە هاتوچۆ لە گەرووەکەدا بە ئاسایی بەردەوامە.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ژێر هەڕەشەدا
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە، کە بڕیارە سبەی یەکشەممە 21ی حوزەیران، شاندی تەکنیکیی هەردوو وڵات لە وڵاتی سویسرا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنێکی پێشوو کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
چاودێران پێیان وایە بۆردومانکردنی ناوچەیەک لە ناوخۆی خاکی ئێران، قۆناغێکی نوێ و مەترسیداری ململانێکانە و دەکرێت ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان و قەتەر کە وەک نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتندا کار دەکەن.
تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئەم هێرشە وەڵامی ئەمریکایە بۆ هەڕەشەکانی ئێران لە گەرووی هورمز، یان پەیوەندی بە پەرەسەندنەکانی بەرەی لوبنانەوە هەیە کە تێیدا ئاماری قوربانیان 4000 کەسی تێپەڕاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.