لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، سێ کەشتی لە گەرووی هورمز ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، لەنێویاندا کەشتییەکی گواستنەوەی غازی قەتەری هەیە، ئەم هێرشانە لە كاتێكدا ئەنجام دەدرێن كە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران بوونی هەیە.
دەستەی ئۆپڕاسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاندووە: سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە ماوەی 24 كاتژمێردا لەنێوان دوێنێ دووشەممە و ئەمڕۆ سێشەممەدا لە گەرووی هورمز هێرشیان کراوەتە سەر.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەكە: کەشتی یەکەم لە کاتی تێپەڕبوونی بە لای کەناراوەکانی عوماندا، بە مووشەک یان تەقەمەنی کە تا ئێستا یەكلایی نەبووەتەوە، پێکرا، بەهۆیەوە ئاگر لەنێو كەشتییەكەدا دروست بووە.
لای خۆیەوە دەوڵەتی قەتەر بەفەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر کەشتی وڵاتەکەیان خستە ئەستۆی ئێران.
لەمبارەیەوە ماجد ئەنساری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند: داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ هەموو ئەو کارانە ڕابگرێت کە زیان بە ئاسایشی ناوچەکە دەگەیەنن یاخود هەڕەشە لە سەلامەتی گەشتە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
جەختیشی كردبووەوە كە بەرپرسیارێتی تەواوی یاسایی ئەم هێرشە و لێکەوتەکانی دەخەنە ئەستۆی تاران.
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا هەروەها ئاماژەی بە دوو ڕووداوی دیکەش کردووە، کە تێیدا کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە هۆکارێکی نادیار پێکراوە و زیانی پێگەیشتووە، و کەشتییەکی تریش لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە کراوەتە ئامانج.
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە كە هیچ کام لەو هێرشانە نەبوونەتە هۆی گیانلەدەستدان یان برینداربوون، هەروەها هیچ زیانێکی ژینگەییشیان لێ نەکەوتووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.