وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین ئاماری تایبەت بە پڕۆژەی ڕووناکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە مانگی ئایاردا (مانگی پێنج)، نیوەی هاووڵاتییان بڕی کەمتر لە 38 هەزار دیناریان بۆ کارەبا بۆ تێچووی کارەبا بۆ گەڕاوەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90%ی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.
ئامارەکان دەری دەخەن کە تێچووی کارەبا لە نێوان پارێزگاکاندا جیاوازە؛ لە کاتێکدا لە هەولێر تێچووی مامناوەند بۆ نیوەی بەشداربووان 43,000 دینار بووە، لە سلێمانی 32,000 دینار، لە دهۆک 41,000 دینار و لە هەڵەبجە کەمترین بڕی تۆمار کردووە کە 30,000 دینار بووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرینەی هاووڵاتییان لەم مانگەدا نزیکەی 550 کیلۆوات کارەبایان بەکارهێناوە و خولی پسوولەکانیان گەیشتووەتە 41 ڕۆژ.
پڕۆژەی ڕووناکی کە لە تشرینی دووەمی 2024 لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، ئامانجی ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان دابین بکات. حکوومەت جەخت دەکاتەوە کە بەپێی نرخە نوێیەکان، 80%ی هاووڵاتییان، بەتایبەتی چینە کەمدەرامەتەکان، پارەیەکی زۆر کەمتر دەدەن بەراورد بەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلییەکان خەرجیان دەکرد.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی کارەبا بە بەشێک لە ستراتیژیەتی درێژخایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی وزە دادەنرێت. بڕیاری نرخە نوێیەکانی کارەبا لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا، بە مەبەستی سووککردنی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی بەردەوام و بێبچڕان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 لە سەرانسەری هەرێمدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.