دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە واشنتۆن ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 بە ئەنقەرە تاوتوێ دەکات.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە پێشتر تورکیا لە پڕۆگرامی ئەم فڕۆکە پێشکەوتووانە دوورخرابووەوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400 ی ڕووسی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە.
ترەمپ کە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی هاوپەیمانیی ناتۆ گەیشتووەتە ئەنقەرە، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ ناو پڕۆژەی ئەو فڕۆکە جەنگییە ڕادەرنەبڕانە گوتی: ئەمە بڕیارێکە کە دەیدەین؛ فڕۆکەیەکی نایابە و بە جیاوازییەکی زۆر باشترین فڕۆکەی جیهانە، بێگومان ئەوە شتێکە کە ڕەچاوی دەکەین. ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەگەری نەرمبوونی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە تورکیا، دوای ساڵانێک لە گرژیی دیپلۆماسی و سەربازی لەسەر کڕینی چەک لە ڕووسیا.
پێشتر واشنتن پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ناکرێت تورکیا لە یەک کاتدا خاوەنی فڕۆکەی F-35 ی ئەمریکی و سیستەمی S-400 ی ڕووسی بێت، چونکە مەترسی لەسەر تەکنەلۆژیا ئەمنییەکانی ناتۆ دروست دەکات، بەڵام گفتوگۆکانی ئەمڕۆی ترەمپ و ئەردۆغان لە ناو جەرگەی پایتەختی تورکیا، نیشانەی هەوڵێکی نوێی ئیدارەی ترەمپە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ئەنقەرە و گێڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ ناو بازنەی هاوکارییە سەربازییە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا، کە ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە هاوسەنگییەکانی هێز لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.