Erbil 31°C سێشەممە 07 تەمووز 03:09

ڤەنزوێلا؛ ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە بۆ زیاتر لە 3500 کەس بەرزبووەوە

Kurdistan Ahmed
100%

حکوومەتی ڤەنزوێلا لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو دوو بوومەلەرزە بەهێزەی لە 24ی حوزەیراندا وڵاتەکەی هەژاند، بۆ 3,535 کەس بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان تاوەکو ڕێکەوتی 6ی تەمووز، جگە لە گیانلەدەستدان، 16,740 کەسی تریش بریندار بوون، ئەمەش نیشانەی زیادبوونی قوربانییەکانە بەراورد بە ئاماری ڕۆژی یەکشەممە کە تێیدا گیانلەدەستدانی 3,342 کەس ڕاگەیەندرا بوو.

سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا خۆیان لە باسکرنی ژمارەی بێسەروشوێنبووان بە دوور دەگرن، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات و مەزندە دەکات کە ژمارەی ئەو کەسانەی تائێستا چارەنووسیان نادیارە بگاتە 50,000 کەس. هاوکات هەندێک سەرچاوەی تری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە ژمارەی بێسەروشوێنبووان نزیکەی 10,000 کەس بێت، ئەمەش تەمومژێکی زۆری لەسەر قەبارەی ڕاستەقینەی کارەساتەکە دروست کردووە.

ئەم بوومەلەرزانە کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوو ڕوویاندا، زیانێکی گەورەیان بە ژێرخانی ڤەنزوێلا گەیاندووە و هەزاران خێزانیان ئاوارە کردووە. لە کاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا، حکوومەت ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی بووەتەوە بۆ ئاشکراکردنی زانیاریی وردتر لەسەر بێسەروشوێنبووان، چونکە چاودێران پێیانوایە کە بەهۆی نەبوونی ئاماری ورد، ئەگەری هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەی کۆتایی قوربانییەکان زۆر لەوە زیاتر بێت کە تائێستا بە فەرمی ڕاگەیەندراوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.