بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە خۆی بەدوور بگرێت لە فرۆشتنی هەر جۆرە چەک و تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووی سەربازی بە تورکیا.
ئەم داوایەی نەتانیاهۆ لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسرائیلە بۆ پاراستنی ئەوەی کە بە باڵادەستیی سەربازیی کوالیتی (QME) لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەناسرێت، کە واشنتن بەپێی یاسا پابەندە بە پاراستنی ئەو جیاوازییە سەربازییەی ئیسرائیل بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێی.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئیسرائیل نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی گەیشتنی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی، بەتایبەتی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 یان سیستەمە بەرگرییە نوێیەکان بۆ دەستی ئەنقەرە، هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت.
نەتانیاهۆ لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە حکوومەتی ئەمریکا ڕەچاوی مەترسییە ئەمنییەکان بکات، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ لایەنە نەیارەکانی ئیسرائیل و کڕینی سیستەمی بەرگریی S-400 لە ڕووسیا.
ئەم گوشارانەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە لەسەر چەندین دۆسیەی سەربازی و سیاسی تووشی ئاڵۆزی بووە. ئیسرائیل دەستپێشخەریی کردووە بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ قایل بکات کە هەر گرێبەستێکی نوێی چەک لەگەڵ تورکیا، ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تەلئەڤیڤ. تاوەکو ئێستا کۆشکی سپی بە فەرمی وەڵامی ئەم داوایەی نەتانیاهۆی نەداوەتەوە، بەڵام چاودێران پێیانوایە کە ئەم بابەتە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییە سێ قۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.