بەپێی ئامارە فەرمییەکان ژمارەی کوژراوانی دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی هەفتەی ڕابردووی ڤەنزوێلا بۆ نزیکەی 3 هەزار کەس بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری نێودەوڵەتی دەستیانکردووە بە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ژێر داروپەردوودا، ئهوهش بە هیوای دۆزینەوەی ڕزگاربووان و تهرمی قوربانیان.
لە شاری لا گوایرا، ئەو شارەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی کارەساتەکەوە و دەکەوێتە دووری 40 کیلۆمەتر لە کاراکاسی پایتەختەوە، تەواوی بیناکانی نیشتەجێبوون رووخاون، بەهۆی ئەو دوو بوومەلەرزەیەی کە لە یەک کاتدا لە 24ی حوزەیران وڵاتەکەی گرتەوە.
ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، بێ ماڵوحاڵ ماونەتەوە، لەسەر شەقامەکان دەخەون یان پەنا دەبەنە بەر پارکە گشتییەکان.
له ئێستادا کەسوکاری ئەوانەی لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووه، ڕەزامەندییان دەربڕیووه لەسەر بەکارهێنانی ئامێری قورس، وەکو ئیکسکاڤەتەر و بولدۆزەر، لە ئۆپەراسیۆنەکانی وەرگرتنەوەی تهرمی قوربانیاندا.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی شارهوانی ڤەنزوێلا، لە ئەنجامی ئەو دوو بوومەلەرزەیەدا لانیکەم دوو هەزار و 954 کەس گیانیان لەدەستداوە و 16هەزار و 592 کەسی دیکەش برینداربوون، کە بە بەهێزترین و وێرانکەرترین بوومەلەرزە لە ئەمریکای لاتین دادەنرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە 16 هەزار کەس بێ ماڵو حاڵ ماونەتەوە، هەروەها 856 باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەو دوو بوومەلەرزەیە بە جیاوازی 39 چرکە ڕوویانداوە و بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەرییان لەسەر باکووری ڤەنزوێلا هەبووە و وڵاتەکەی خستۆتە ناو ماتەمینی و نائومێدییهكی زۆر، بەهۆی نەتوانینی دۆزینەوەی قوربانیان، چ بە زیندوویی یان مردوویی.
بەپێی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکا، ئەم بوومەلەرزەیە بە گوڕی 7.5 پلە بووه و به بەهێزترین بوومەلەرزە دادهنرێت لە ڤەنزوێلا لە ساڵی 1900ەوە تا ئێستا.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.