پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، خورشید لەتیف و حەیدەری برای بە تۆمەتی شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک و تێکدانی ئاسایشی گشتی، لە قەزای خەبات دەستگیرکراون.
ڕۆژی یەکشەممە 5ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی دادگا هەردوو تۆمەتبار (خورشید لطیف) و (حیدر لطیف) دەستگیر کراون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، ئەو دوو تۆمەتبارە بوونەتە هۆکاری ئاژاوەگێڕی، دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی، شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک، سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە و هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیریی گشتی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبارەکان ڕێگرییان لە پرۆژە حکوومییەکان کردووە و هەڕەشەی تێکدانی ژێرخانی ئابوورییان لە شوێنە جیاجیاکانی قەزای خەبات کردووە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، دوای هەبوونی سکاڵا لە دژیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەمڕۆ لە 5/7/2026 لەسەر فەرمانی دادگا، هەردوو ناوبراو دەستگیر کران و لە ماوەی داهاتوو لەسەر تاوانەکانیان دادگایی دەکرێن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا پۆلیسی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە سەر و ماڵیان پارێزاو دەبێت و یاسا سەروەرە، هەروەها ڕێگا بە هیچ تاوانبارێک نادرێت ئاسایش و ئارامی وڵات تێکبدات و ئاژاوەگێڕی بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.