عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا جەختی لە بەردەوامیی حکوومەتەکەی کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕایگەیاند، کە بە هیچ شێوەیەک لەو ڕێبازە پاشەکشە ناکەن.
ئەمڕۆ شەممە 4ـی تەمووز، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردەوە: حکوومەتەکەمان بەوپەڕی پێداگری و حەزمەوە بەردەوامە لە ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران، گێڕانەوەی مافەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دادپەروەری، هەرچەندە فشار و ئاڵێنگارییەکان گەورە بن، پاشەکشە ناکەین.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی گەلی عێراق و تەواوی هێزە سیاسی و نیشتمانییەکانی کرد کە پاڵپشتی پڕۆسەی چاکسازی دەکەن، بە تایبەتی ئاماژەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە ئەمنی و دەسەڵاتی دادوەری کرد.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم پاڵپشتییە نیشتمانییە فراوانە دەیسەلمێنێت کە جەنگی دژی گەندەڵی تەنها جەنگی حکوومەت نییە، بەڵکو جەنگی هەموو نیشتمانە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و سەروەریی یاسا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.