سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆكی دانوستانكاری ئێران جەختی كردەوە كە وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە ئەمریکا نادات دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا بکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ عومان و وڵاتانی دیكە لەسەر میکانیزمێک رێك دەكەون بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێران لەگەڵ عومان لەسەر میکانیزمێکی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز ڕێککەوتووە بەگوێرەی بڕگەی 5ی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریكا.
قالیباف لە درێژەی قسەکانیدا هەروەها گوتی: تاران بەردەوامە لە جێبەجێکردنی میکانیزمی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دیكەش کە دەکەونە سەر ئاوە هەرێمییەکان، ڕاوێژ دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران نەشی شاردەوە كە ئیسرائیلییەکان بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا شکست بهێنێت.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان لە كۆتاییدا جەختی کردەوە کە تواناکانی ئێران لە بەرپەرچدانەوەی سەربازی لە ناوچەکەدا، ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.