زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی گەرما بوونەتەوە کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا چەندین ڕیکۆرد بشکێنێت.
ئەم بارودۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئامادەکارییەکانی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا و یارییەکانی مۆندیالی 2026 دروست کردووە کە وڵاتەکە میواندارییان دەکات.
بارستە هەوایەکی گەرم لە ناوەڕاستی ئەمریکاوە بەرەو کەناراوەکانی ڕۆژهەڵات دەجووڵێت و شارە گەورەکانی وەک واشنتن و نیویۆرک دەگرێتەوە. زەهران مەمدانی، سەرۆک شارەوانیی نیویۆرک، هۆشداریی دا کە شارەکە ڕووبەڕووی توندترین شەپۆلی گەرما دەبێتەوە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا. بەپێی پێشبینییەکان، بەهۆی بەرزیی ڕێژەی شێ، پلەی گەرمای هەستپێکراو لە نیویۆرک و واشنتن دەگاتە 43 پلەی سەدی. پێشبینی دەکرێت لە واشنتنی پایتەخت بۆ ماوەی 3 ڕۆژی لەسەریەک پلەی گەرما لە سەرووی 38 پلەی سەدی بمێنێتەوە.
بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرماوە، فشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر تۆڕەکانی کارەبا. لە شاری شیکاگۆ، کۆمپانیای (ComEd) ڕایگەیاند کە تۆڕی کارەبا لەژێر فشارێکی "تونددایە" و داوای لە بەشداربووان کردووە بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە. شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە شەپۆلەکە لەبەر ئەوە مەترسیدارە چونکە پلەکانی گەرما لە شەواندا دانابەزن، ئەمەش مەترسیی جەڵتەی گەرما بۆ سەر هاووڵاتیان زیاد دەکات.
ئەم شەپۆلە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ئامادەکاری دەکات ڕۆژی شەممە ئاهەنگی گەورە بەبۆنەی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتەکە ساز بکات. هاوکات، نیگەرانییەکان لەبارەی یارییەکانی مۆندیال زیادیان کردووە؛ هەرچەندە بەشێک لە یاریگاکان لە ئەتڵانتا و دالاس و لۆس ئەنجلۆس سیستەمی فێنککەرەوەیان تێدایە، بەڵام یاریگاکانی تری وەک فیلادێلفیا کراوەن. بڕیارە ڕۆژی شەممە یاریی نێوان فەرەنسا و پاراگوای لە فیلادێلفیا ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لەو شارە بگاتە 40 پلەی سەدی.
لە وڵاتی کەنەداش، شاری تۆرۆنتۆ کە میوانداریی یاریی نێوان پورتوگال و کرواتیا دەکات، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی هەمان شەپۆلی گەرما و پلەکانی گەرما لەو شارە لە نێوان 34 بۆ 37 پلەی سەدیدان. حکوومەتی ئەمریکا و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان باری نائاسایییان لە چەندین شار ڕاگەیاندووە و داوا لە هاووڵاتیان دەکەن ڕێکاری خۆپارێزی بگرنە بەر.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.