شارەوانی ئەستەنبۆڵ ئەمڕۆ چوارشەممە هۆشدارییەكی بەپەلەی گەیاندە سەرجەم هاووڵاتییان بەهۆی پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پلەكانی گەرما بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە و دەگەنە 40 پلەی سیلیزی.
لە راگەیەنراوێكی ئەمڕۆی شارەوانی ئەستەنبۆڵ هاتووە: پلەكانی گەرما لە سنووری پارێزگای ئەستەنبۆڵ دەگاتە 40 پلەی سیلیزی، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین ئاگاداری خۆیان بن و هەموو ڕێكارێك بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ژیانیان.
شارەوانی ئەستەنبۆڵ راشیگەیاندووە: داوا لە هاووڵاتییان دەكەین خۆیان بەدوور بگرن لە بەركەوتنی راستەوخۆی تیشكی خۆر بەتایبەت لە كاتژمێرەكانی 11ی پێش نیوەڕۆ بۆ 4ی عەسر بەتایبەتیش بۆ ئافرەتان و منداڵان و پیاوانی بە تەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
شارەوانی ئەستەنبۆڵ جارێكی دیكە داواشی لە هاووڵاتییان كرد لە ناوچە چۆلەوانی و دارستانەكان دوور بكەنەوە نەوەك مەترسی كەوتنەوەی ئاگر لەم ناوچانە دروست ببێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ئەستەنبۆڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، رێژەی شێش لە هەوادا بەرز دەبێتەوە، بۆیە پێویستە لەم كاتانەدا ئاوی زیاتر بخورێتەوە لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خۆماندووكردنی زۆر.
نەك هەر لە توركیا، چەند رۆژێكە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپاش شەپۆڵی گەرما گرتوویەتییەوە، بەهۆیەوە سەدان هاووڵاتی لە وڵاتانی ئیسپانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.