Erbil 31°C پێنجشەممە 02 تەمووز 13:07

جەی دی ڤانس: ئەمریکا بەراورد بە ئێران لە دۆخێکی بەهێزتردایە

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانەکان سەرکەوتوو بن، ئەوا ئێوە ئێرانێک دەبینن کە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکانی دەبێت. دووپاتی کردەوە، ئەمریکا بەراورد بە ئێران لە دۆخێکی بەهێزتردایە.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵیی (فۆکس) ڕایگەیاند: "ئێرانییەکان لە هەفتەکانی ڕابردوودا، هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگریان نەکردووەتە ئامانج و ڕۆیشتنی نەوت لە گەرووی هورمز بەردەوامە". ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، ئەگەر ئێرانییەکان هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان، ئەمریکاش وەڵامی هاوشێوەی دەبێت.

سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا  و ئێران، جەی دی ڤانس گوتی: "ئەگەر دانوستانەکان سەرکەوتوو بن، کە ئێمە دەمانەوێت سەرکەوتوو بن، ئەوا ئێوە ئێرانێک دەبینن کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، چیتر پاڵپشتیی داراییی تیرۆری ناوچەیی و ناسەقامگیری ناکات و بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکانی دەبێت، لە ئەنجامیشدا ئابووریی جیهانی دووبارە پێشوازیی لێ دەکات. ئەمەش دەرەنجامێکی باشە بۆ گەلی ئەمریکا و تەواوی ناوچەکە".

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە لاوازبوونی توانای ئێران کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران ڕەفتارێکی گونجاویان نەبێت و ئەو سازشانە نەکەن کە ئێمە دەمانەوێت بیانبینین، ئێستا بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لەناوچووە، توانای سەربازییان لەناوچووە و ئەمریکاش بە بەراورد بە ئەوان لە دۆخێکی بەهێزتردایە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.