دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا بڕیارێکی توندی سەبارەت بە داهاتووی کێبڕکێ وەرزشییەکان لە وڵاتەکەیدا ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە لەمەودوا وەرزشی ژنان تەنها بۆ ژنان دەبێت.
ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "لەمەودوا، وەرزشی ژنان تەنها بۆ ژنان دەبێت." ئەم لێدوانە ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ قەدەغەکردنی بەشداریی ئەو وەرزشوانانەی کە ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە (ترانسجێندەر) لەو پێشبڕکێ و پاڵەوانێتییە وەرزشییانەی کە بۆ ڕەگەزی مێینە تەرخانکراون.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا بەشێکە لە بەڵێنە سەرەکییەکانی لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا، کە تێیدا سووربوونی خۆی لەسەر پاراستنی "دادپەروەری لە وەرزشی ژناندا" نیشان دابوو. ترەمپ و لایەنگرانی پێیان وایە کە بەشداریی ئەو کەسانەی لە بنەڕەتدا بە ڕەگەزی نێر لەدایکبوون لە کێبڕکێکانی ژناندا، زیان بە هەلی سەرکەوتنی کچان و ژنان دەگەیەنێت و ناسنامەی وەرزشی مێینە تێکدەدات.
پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیارە شەپۆلێکی نوێی مشتومڕی یاسایی و سیاسی لە ئەمریکا دروست بکات. ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافە مەدەنییەکان و گرووپەکانی داکۆکیکار لە مافی ترانسجێندەرەکان، ئەم جۆرە هەنگاوانە وەک "جیاکاری" وەسف دەکەن و ڕایانگیاندووە کە لە ڕێگەی دادگاکانەوە ڕووبەڕووی هەر جۆرە بڕیارێکی لەو شێوەیە دەبنەوە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی نوێی واشنتن خەریکی پێداچوونەوەیە بە چەندین یاسا و ڕێنمایی فیدراڵی، لەوانە یاسای (Title IX) کە پەیوەستە بە یەکسانیی ڕەگەزی لە ناوەندە پەروەردەیی و وەرزشییەکاندا، بە مەبەستی جێگیرکردنی ئەم سیاسەتە نوێیە لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.