Erbil 31°C چوارشەممە 01 تەمووز 01:11

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ناوی 4 کاندیدی جێگرەوەی بۆ پەرلەمانی عێراق پەسەند کرد

100%

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، لە بڕیارێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026 دەرچووە، ناوی چوار کاندیدی جێگرەوەی بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان پەسەند کرد.

ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ و نووسراوی فەرمی لە نێوان نووسینگەی سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردن و سکرتاریەتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران دێت، بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورسییانەی کە بەهۆی جێهێشتنی کاندیدە سەرەکییەکانەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێبەجێکردن لە حکوومەت یان هەر هۆکارێکی تر چۆڵ بوون.

بەپێی ئەو خشتەیەی کە کۆمیسیۆن بڵاویکردووەتەوە، گۆڕانکارییەکان چوار پارێزگای جیاوازی گرتووەتەوە و ناوی جێگرەوەکان بەم شێوەیەیە:

لە پارێزگای بەسرە، جەمال عەلی عوەید ئەلعیساوی لە لیستی "ئەبشر یا عێراق" بە 2,725 دەنگ دەبێتە جێگرەوەی مستەفا جەبار سەنەد.

لە پارێزگای دیالە، سەڵاح مەحجووب هادی ئەلزوهەیری لە ڕێکخراوی "بەدر" بە 12,276 دەنگ شوێنی کاندید موسەنا عەلی مەهدی دەگرێتەوە.

لە پارێزگای موسەنا، زەهرا جەمیل هەلامە ئەلمەیالی لە "هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت" بە 3,453 دەنگ دەبێتە جێگرەوەی فالح ساری عەبد.

لە شاری بەغداد، جاسم محەمەد ورور ئەلشەریفی لە فراکسیۆنی "سادقون" بە 3,608 دەنگ شوێنی نەعیم عەبد یاسر ئەلعەبوودی دەگرێتەوە.

ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی ڕاسپاردووە کە بە فەرمی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە ئاگادار بکاتەوە تاوەکو ڕێکارە یاساییەکانی سوێندخواردنیان دەست پێ بکات. بڕیارەکە بە کۆدەنگی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پەسەند کراوە و بۆ زانیاریی گشتی لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمیسیۆن بڵاوکراوەتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.