دەستەی دەسپاکی فیدڕاڵیی عێراق بڵاوی کردەوە کە دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای بەندکردنی بەسەر بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری دەستەی گشتیی باجەکان و هاوسەرەکەیدا سەپاند بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانی سپیکردنەوەی پارەدا.
بەپێی بەیاننامەیەكی دەستەی دەسپاکی كە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوكراوەتەوە، بڕیارەکانی دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەسەر ئوسامە حوسام جەودەت بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری دەستەی گشتیی باجەکان و هاوسەرەكەی بەمشێوازەی خوارەوە بوون:
- سزای 10 ساڵ بەندکردن بۆ ئوسامە حوسام جەودەت بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری باج.
- سزای 5 ساڵ و یەک مانگ بەندکردن بۆ هاوسەری تۆمەتبار.
- غەرامەکردنی هەردووکیان بە هاوبەشی بە بڕی 32 ملیار و 496 ملیۆن دیناری عێراقی.
- دەستبەسەرداگرتنی 10 خانوو و عەقار لە بەغدا و 12 خانوو لە تورکیا کە بە ناوی هاوسەری بەڕێوەبەرە گشتییەكە تۆمارکرابوون.
- زەوتکردنی تەواوی پارە کاشەکان، کرێی خانووەکان، زێڕ و گشت ئەو پارانەی لە بانکەکانی کوێت و تورکیادا دایاننابوون.
دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕوونیشی کردووەتەوە کە دوای پێداچوونەوە بە تەواوی بەڵگەکان و سەلماندنی تاوانەکەیان، بەپێی ماددەی (36) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ هاوكاریكردنی تیرۆر (ژمارە 39ی ساڵی 2015) سەلمێنراوە.
دادگاكە جەختیشی كردەوە كە بڕیاری کۆتایی دەركراوە بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی سەروەت و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەكانی هەردوو تۆمەتبارەكە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.