وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ڕۆژی دووشەممە بە توندی سەرکۆنەی پێشڕەوییە سەربازییەکان و بۆردومانەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ناوچەکانی باشووری سووریا کرد. ئەم هەڵوێستەی ئەنقەرە دوای ئەوە دێت کە گرژییەکانی نزیک بەرزاییەکانی جۆلان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەکە و جێهێشتنی ماڵەکانیان.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هەردوو ناوچەی "قونەیترە" و "دەرعا"، پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی دەوڵەتی سووریایە. حكوومەتی تورکیا جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە کردە سەربازییانە زیانی گەورە بە ژیان و موڵک و ماڵی هاووڵاتیانی سووریا دەگەیەنن و بژێوی و ژیانی ڕۆژانەی مەدەنییەکانی ئەو ناوچانەیان ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر کردووەتەوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەو هێرشانەی وەک "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەسف کرد و داوای ڕاگرتنی ئەو هەنگاوانەی کرد کە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە. ئەم پەرەسەندنە نوێیەی باشووری سووریا لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لەسەر سنوورەکان بەردەوامییان هەیە، و ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی باکووری، ئۆپەراسیۆنی پێویست لە ناو خاکی سووریا ئەنجام دەدات.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.