Erbil 31°C چوارشەممە 01 تەمووز 01:11

عێراق: لە رۆژانی داهاتوو چەندین كەسایەتی دیكە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر دەكرێن

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشكرای دەكات كە لە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵی بەردەوام دەبن و لە رۆژانی داهاتوو ڕێکاری یاسایی دژی چەندین كەسایەتی دیكەی سیاسی و پەرلەمانتار دەگیرێتەبەر.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە: لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، لەژێر ڕۆشنایی بەڵگە بەردەستەکاندا بەردەوامن.

ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش دەكات کە هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان، لە ماوەكانی داهاتوودا ڕێکاری یاسایی توند دژی چەندین کەسایەتیی سیاسی و پەرلەمانتار و لایەنی دیکەی تێوەگلاو لەم دۆسیەیەدا دەگیرێتەبەر.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكە هەڵمەتێكی بەرفراوانی هێزە ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی ژمارەیەك لە بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراق بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی، دەستی پێ كرد.

هەڵمەتەكە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدرێت و بڕیارە سەرجەم ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانە بگرێتەوە كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی گەندەڵییەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانی ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی عێراق بڵاوی كردۆتەوە، تا ئێستا 47 بەرپرس و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون، لەنێویاندا 12 پەرلەمانتار هەیە.

حكوومەتی عێراق رۆژی 30ی مانگی رابردوو عەدنان جومەیلی بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراقی بە تۆمەتی گەندەڵی و دزینی پارەی دەوڵەت دەستگیر كرد، ئەو هەڵمەتە كە ئێستا دەستی پێ كردووە زۆرینەی دەستگیركراوەكانیان پەیوەندییان بە گەندەڵییەكانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەیە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.